میدیاکانی یەکێتی: عەتا سەراوی تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی.. کەسوکارەکەی سەراوی رەتی دەکەنەوە

كەسوكاری عەتا سەراوی دەڵێن" خۆمان قوربانی دەستی تیرۆرین، دوورە لە راستیەوە بە مادەی تیرۆر دەستگیركرابێت" و لەلایەکیترەوە میدیاکانی یەکێتی رایانگەیاندووە" عەتای سەراوی بە مادەی (٢)ی تیرۆر دەستگیركراوە و تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی".

دوای دەستگیر کردنی عەتا سەراوی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی کەسووکارەکەی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رەتی دەكەنەوە ئەو هەواڵە راست بێت كە  بە هۆکاری " مادەی تیرۆر دەستگیراوە" و دەڵێن "خۆمان قوربانی دەستی تیرۆرین".

لای خۆشیەوە میدیاکانی یەکێتی رایانگەیاندووە " عەتا سەراوی داواكراوبووە بەماددەكانی ( ٤٥٦ )لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بە ماددەی ( ٢ )لە یاسای ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر لە دەزگای ئاسایشی هەرێم، ناوبراو تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، بەمەبەستی نانەوەی پشێوی و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیان".

ئەمڕۆ عەتا سەراوی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەكاتی گەڕانەوەی لە وڵاتی سوید دەستگیركرا لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە و لە پەیامێکدا وتی " بێ ئەوەی بزانم بۆ و لە پایی چی و بە فەرمانی کێ و وە چ سیناریۆ و گەمەیەکی قێزەون یان بۆ ئامادە کردوم، لە ئاسایشی گشتی ڕاگیرام".

نیوەڕۆی ڕۆژی ١٩ی نیسانی ئەمساڵ لە سەرچناری شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی عەتا سەراوی ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان گڕیگرت، بێجگە لە سووتانی دوو ئۆتۆمبێلی دیکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. 

هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ هێزێکی ئەمنی چوونە سەر ماڵی عەتا سەراوی لە گەڕەکی سەرچنار و چەند پاسەوانێکیان دەستبەسەرکرد بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەکە



PM:03:48:05/07/2024