تورکیا ١٠٧٦ هێرشی لەمساڵدا بۆ سەر هەرێم ئەنجام داوە


رێکخراویCPT  رایگەیاند لە یەکەم رۆژی ساڵی ٢٠٢٤ ەوە تا ٣٠ حوزەیران سوپای تورکیا ١٠٧٦ هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوو، ئەمشەو نوێترین هێرشی بۆ سەر گوندی گوهەرزێ بوو لە نزیک ئامێدی.
 
کامەران عوسمان لە رێکخراوی CPT  رایگەیاند " لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ٣٠ی حوزەیران، سوپای تورکیا ١،٠٧٦ جار بۆردوومان و هێرشی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و بەتەنیا لەم ساڵدا ٨ هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە شەهیدبوون."

لەبارەی نوێترین هێرشکاریەوە " لە کاتژمێر ٩:٥٠ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆدا، سوپای تورکیا تۆپبارانی ناو گوندی گوهەرزێی کرد و یەکێک لە گولە تۆپەکان لەناو ماڵەکانی گوندەکەدا کەوتە خوارەوە. لەئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا، زیان بە خانووی هاووڵاتی بیلال خورشید تەمەر و ڕێزان محەمەد ساڵح کەوتووە. 

دەشڵێت " بەهۆی نزیکی تۆپبارانەکە لەنزیک ماڵی ڕێزان محەمە ساڵح، سەرباری خانووەکەی ئۆتۆمبێلەکەشی زیانی بەرکەوتووە. ڕووداوەکە بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ گوندنشینانی گوهەرزێ.هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی ئەم ڕووداوە".

تورکیا زیاتر لە مانگێکە بەبێ راگەیاندنی ئۆپراسیۆنێکی نوێ هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر هەرێم لە ناوچەی ئامێدیەوە دەستپێکردووەو سوپای نوێی هێناوەتە زۆر شوێن.



PM:11:43:05/07/2024