وەزارەتی دارایی: سبەی دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت

سبەی یەکشەممە سەڕەرای ئەوەی پشووی فەرمیە دەست بە دابەشکردنی بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی چەند توێژێک دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" لەگەڵ ئەوەی سبەی یەکشەممە ٧ی تەمموزی ٢٠٢٤  پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان، بەڵام بە بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لەئەستۆدایە".

ئاماژەی بەوەشداوە کە دابەشکردنی مووچە بەپێی ئەو خشتەیەی راگەیێندراوە، وەکو خۆی بەردەوام دەبێت.

رۆژی ٤ی تەمموز وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی بانکی هەولێر".

ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پاڕەیە بڕەکەی ( ٢٣١،٦٠٥،٥٣١،٠٠٠ ) وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.



AM:11:31:06/07/2024