قایمقامی پێنجوێن دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە

زانا ڕەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن کە سەر بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەمڕۆ دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند. 

زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن، ئەمڕۆ شەممە ٦ی تەموزی ٢٠٢٤ لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە" لەسەر داوای خۆم نامەی دەستلەكاركێشانەوەم ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان و پارێزگاری سلێمانی كردووە، لە ئێستاشدا نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەم لە ئەنجومەنی وەزیرانە و پێویستی بە واژووی وەزیری ناوخۆ هەیە".

زانا ڕەحمان ڕاشیگەیاندووە" ماوەیەكی زۆرە هیچ پڕۆژە و خزمەتگوزراییەک لە سنوری قەزای پێنجوێن جێبەجێنەكراوە، بۆیە نامەی دەستلەكار كێشانەوەم ئاڕاستەی پارێزگاری سلێمانی كردووە". 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە ئێستادا بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵ دەدات کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکات دوای ئەوەی وەزیری ناوخۆ ڕەزامەندی خۆی بۆ نوسراوی دەست لە کارکێشانەوەکە دەدات. 

مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ زانا رەحمان قایمقامی پێنجوێن، بە مەبەستی پاڵپشتیکردن لە خۆپیشاندانی خەڵكی قەزاکە دەستی لە کارکێشایەوە، بەڵام پاش جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی نارازی، لەسەر داوای هاوڵاتییانی سنوورەکە گەڕایەوە سەر كارەكەی. 


PM:04:51:06/07/2024