"لەبارەی مووچەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق گەیشتوینەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش"

مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت" لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی مووچە گەیشتوینەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش و پرسی مووچه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێچكه‌ی خۆی". 

مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، له‌ دیدارێکی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی سنوری پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند" لەسەر پرسی مووچە گەیشتوینەتە تێگەیشتنێكی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كە مووچە بەردەوام بێت و خەریكە وردە وردە دەكەوێتە سەر رێچكە راستەكەی خۆی و چیتر هه‌واڵی مووچه‌ نابێته‌ بابه‌تی راگه‌یاندنه‌كان". 

لەبارەی هه‌ژماری من هه‌ژماری من مەسرور بارزانی دەڵێت" رێگری له‌ مووچه‌بڕینی حزبی و سیاسی ده‌كات و بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان دروستكراوه‌، ئه‌وانه‌ی لێی ناڕازین، یان نازانن یان بۆ مه‌رامی سیاسی دژایه‌تی ده‌كه‌ن، چونكه‌ پرۆژه‌كه‌ نه‌ كه‌سیه‌ نه‌ سیاسی". 

وتیشی" ١٩ خزمه‌تگوزاری له‌ رێگه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ فه‌راهه‌م ده‌كرێت كه‌ یه‌كێكیان وه‌رگرتنی قه‌رزه‌، هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی مووچه‌ له‌ رێگه‌ی هه‌ژماری منه‌وه‌ واده‌كات كه‌س لافی سیاسی به‌سه‌ر موچه‌خۆران لێنه‌دات". 

له‌باره‌ی كۆچی گه‌نجانیشه‌وه‌، مه‌سرور بارزانی وتی" هیوادارم گەنجان خۆیان هەوڵ بدەن کار بدۆزنەوە و لە وڵاتی خۆیان ئیش بکەن، یارمەتی ئەو کەسانە دەدەین کە بیانەوێت کاری خۆیان بکەن، گەر هاوڵاتی بیەوێت لەگەڵ حکومەت هاوکار بێت زۆر گرفت چارەسەر دەبێت". 

دەشڵێت" حكومه‌تی هه‌رێم گرنگی زۆری به‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی، گه‌شتیاری و ته‌واوی كه‌رته‌كانی دیكه‌ داوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش به‌ شه‌و و رۆژێك ناكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا جوتیاران زیاتر له‌ جاران روو له‌ كشتوكاڵ ده‌كه‌ن".

لەبارەی پرۆسەی پەروەردە و بایکۆتی مامۆستایان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند" دواکەوتن لە پرۆسەی پەروەردە دواکەوتنی کۆمەڵگەیە، مامۆستا ئەو کەسەیە کە قوتابی و منداڵ ڕووی تێدەکات و بۆی دەبێتە سومبول". 

ڕاشیگەیاند" زیاتر لە پێنج مانگ بایکۆت تەنها زەرەری لە قوتابیان دا مووچە قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام کاتی خوێندن قەرەبوو ناکرێتەوە". 



PM:10:34:07/07/2024