تورکیا دوو بارەگای نوێی سەربازی لە چیای مەتین دانا

کەمێك پێش ئێستا سوپای تورکیا بە هەلیکۆپتەر هێزێکی لەسەر چیای مەتین لە ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی دابەزاند کە دووەم بارەگایە لە چیای مەتین. 

شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە سوپای تورکیا هێزێکی دیکەی لەسەر چیای مەتین بە دووری کەمتر لە چوار کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی دێرەلۆک دابەزاند.

بەپێ زانیاریەکانی ماڵپەڕی (سپی)، لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا دەوڵەتی تورکیا ئەمە دووەم بارەگایە لەسەر چیای مەتین دادەنێت. 

ڕۆژی ٤ی ئەم مانگەش سوپای تورکیا هێزێکی زۆری سەربازی بە چەکی قورسەوە لە گوندی سەرگەلێ لە بناری چیای مەتین بە دووری هەشت کیلومەتر لە سەنتەری قەزای ئامێدی جێگیرکرد.

ماوەی چوار رۆژە، بەهۆی تۆپبارانی سوپای تورکیاوە ئاگرێکی فراوان سنووری چوار گوندی بناری چیای گارەی گرتووتەوە و بەسەدان دۆنم و بە هەزارا داری دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون و ئاگرەکە بەردەوامە.


AM:12:09:08/07/2024