رێبەر ئەحمەد: دەبێت پەکەکە خاکى باشوورى کوردستان جێبێڵێت

وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڵێت" بیانووى هاتنە ناوەوەى هەر هێزێک بۆ ناو خاکى عێراق بوونى پەکەکەیە، لەبەرئەوە دەبێت پەکەکە خاکى باشوورى کوردستان جێبێڵێت".

رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" بوونى هێزەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، بوونێکى نایاساییە و بیانووى هاتنە ناوەوەى هەر هێزێک بۆ ناو خاکى عێراق بوونى پەکەکەیە، لەبەرئەوە دەبێت پەکەکە خاکى باشوورى کوردستان جێبێڵێت".

راشیگەیاند" ئەوەی لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بووە لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، بەرامبەر ئاوەرە و پەنابەران بە زیادەوە، بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێبەجێ کردووە؛ سەرەڕای گرفتە دارایی، ئابووریی و ئەمنییەکان".

وتیشی، لیژنەیەکى هاوبەش بەنوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمی كوردستان و فیدراڵ و لایەنەکانى سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان پێکهێنراوە، بۆ ئالیەتى گەڕانەوەى ئاوارەکان.

لە هەرێمی کوردستان ٩٠٠ هەزار و ٤٦٧ ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، ٢٦٩ هەزار و ٢٩٣ یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لەوانەش ٢٥١ هەزار و ٤٧٥ پەنابەری سوورین، ٧ هەزار و ٧٩٦ پەنابەری تورکی، ٨هەزار و ٣٥٧ پەنابەر ئێرانی و و ٦٥٢ پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش ١٠ هەزار و ١٣ پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.



PM:05:51:08/07/2024