ئامارەکانی هاوسەرگیری دووەم لە بەرزبوونەوەدایە و بەشێکیان بەرپرسان و پەرلەمانتاران و چینی نوخبەن"

یاساناس و ئه‌ندامێکی خولی پێشووتری په‌رله‌مانی كوردستان رایدەگەیەنێت" ئاماره‌كانی‌ هاوسه‌رگیری‌ دووه‌م له‌ هه‌رێم له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌ و به‌شێكیان به‌رپرسان و په‌رله‌مانتاران و چینی نوخبەن". 

پەیمان عیزەدین یاساناس و ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە" یاسای توندوتیژی هەرێم و عێراقیش یاسای باشن، بەڵام کێشە لە جێبەجێنەکردنی یاساکاندایە، هۆکاری جیابوونەوەی هاوسەران جگە لە خراپی دۆخی هەرێم، شکستی ئەو فۆڕمەی هاوسەرگیریە کە لە کوردستاندا هەیە، ژن هەیە هێشتا تەمەنی ٢٥ ساڵە دوو یان سێ جار هاوسەرگیری کردووە". 

دەشڵێت" هاوسەرگیری ژنان لە دادگاکاندا لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ واتە لە تەمەنی ١٦ ساڵیەوە، بۆ حاڵەتی تایبەت و زەرووریەتە، وەک ئەوەی کچێک سکپڕ بووبێت یان پەردەی کچێنی لەدەستدابێت لە ئەنجامی پەیوەندی لەگەڵ کوڕێکدا، ئەویش بە ڕەزامەندی وەلی ئەمرەکەیەتی، بەڵام لە هەرێمدا وانییە و بووە بەشتێکی ئاسایی کە کچان لە ١٦ ساڵیەوە گرێبەستی هاوسەریان بۆ دەکرێت لە دادگاکاندا". 

ئەو یاساناسە ڕاشیگەیاندووە" سوڵحی عەشایەری هەیە لە دەرەوەی دادگاکان، دادگاکانیش هەندێکجار یاری بە کات دەکەن تا دۆسیەکان بە سوڵح یەکلادەکرێنەوە، ئەمە تەنها لە دۆسیەی ژن کوشتندا نا، بەڵکو بۆ کێشەکانی تریش ڕاستە، لەم دوو ساڵەی دواتردا ڕەواج دراوەتەوە بە هێنانی ژنی دووەم و ئامارەکەش لە بەرزبوونەوەدایە، بەشێک لەوانە بەرپرسان و پەرلەمانتاران و چینی نوخبەن". 

"دووبارەبوونەوەی ڕەخنەی ڕێكخراوەکان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان مانای چاکسازی نەکردن و گوێنەگرتنی حکومەتی هەرێمە لەو ڕاپۆرتانە، حکومەتی هەرێم هیچ کاتێک دانی نەناوە بەو ڕاپۆرتانەی کە لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن بەڵکو بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە". (پەیمان عیزەدین یاساناس وادەڵێت)

ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)، لە ڕاپۆرتێکیدا له‌باره‌ى ڕه‌وشى ژنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بڵاویکردەوە" توندووتیژی خێزانی بەردەوامە لە هەرێمی کوردستان وبەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی توندووتیژییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت". 

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاپۆرته‌كه‌دا لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆى دەربڕی، بەهۆى کەمی ژمارەیەک ماڵى داڵدەدان و وتی" نیگەرانین لە بوونى ژمارەیەکی کەم لە ماڵى داڵدەدان کە بۆ ژنانی قوربانی توندوتیژی خێزانی لە ناوچەکەدا بەردەستە، هەروەها ژنانی دادڵدەراو ئازادییەکانیان سنوردار دەکرێت". 


PM:11:21:08/07/2024