کرێکارێک لە باڵەخانەیەکى نیشتەجێبوونەوە لە سلێمانی کەوتەخوارەوە و گیانى لەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند" هەفتەى رابردوو کرێکارێک لە باڵەخانەیەکى پڕۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی لە کاتی کارکردندا كەوتەخوارەوە و پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کرێکارەى گیانى لەدەستداوە دانیشتووى پارێزگای سلێمانییە و تەمەنى ٢٩ ساڵە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆش کرێکارێکى دیکە کە تەمەنی ٢٥ ساڵان بووە لە بینایەکى تەواونەکراوی سلێمانی لە کاتى کارکردندا کەوتووەتە خوارەوە و بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، بەڵام لە ئێستادا بارودۆخی تەندروستی جێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە.
بەپێی ئامارێکی سەندیکاى کرێکارانی کوردستان، لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا ئێستا ١٠ کرێکار لە کاتی کارکردندا، لە سنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە.