ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ئاسایشی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ڕووداوەکەی کۆمپانیای کار بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەرکەوتووە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرێوەبەرایەتییەکەمانەوە نییە".
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە" سەبارەت بە ڕوودانی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە نێوان شوفێرێکی تەنکەری گواستنەوەی سوتەمەنی و کارمەندێکی تیمی (پاسەوانی/سکویریتی) کۆمپانیای کار کە بە داخەوە بووە هۆی کوژرانی پاسەوانێکی کۆمپانیای کار و شوفێری تەنکەری سوتەمەنیەکە و بریندار بوونی دوو کەسی تر".
دەشڵێت" لە گرتە ڤیدۆیەکانی کاتی ڕووداوەکە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی دەردەکەوێت، لە زۆرێک لە سایت و پەیجەکان وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ئەو ئۆتۆمبیلە سەربازیە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بێت".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ئۆتۆمبێلە لە لایەن کارمەندانی پاسەوانی کۆمپانیای کار بەکار دەهێنریت و پەیوەندی بە ئاسایشەوە نیە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.