حزبی شیوعی دژی هێرشەکانی تورکیا گردبوونه‌وه‌

حزبی شیوعی کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٤ لە دژی هاتنە ناوەوە و هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم، لە هەولێر گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. 

ئەمڕۆ لە بەردەم مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێری حزبی شیوعی كوردستان، بەشێک ئەندام و لایەنگرانی حزبی شیوعی، دژی هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی سوپای توركیا و هێرشەکانیان لەسەر خاكی هه‌رێم گردبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زایەتییان ئەنجامدا و چەندین دروشمیان وتەوە. 

لە گردبوونەوەکەدا ئەندام و لایەنگرانى حزبی شیوعی کوردستان داوایان لە حکومەتى فیدراڵ و هەرێم کرد کە هێرشەکانی دەوڵەتى تورکیا بووەستێنن.

ماوەی نزیکەی مانگێکە سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی فراوانی لە سنوری بەرواری باڵاوە دەستیپێكردووە و تائێستا بە قوڵایی ١٥ كیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە. 

شەوی ڕابردووش ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەرکۆنەی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیای بۆ ناو خاکی عێراق کرد و ڕایگەیاند" پێویستە تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات و بەشێوەیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ لایەنی عێراقیی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشەوە چارەسەر بکات".


PM:04:23:11/07/2024