لە ماوەی ئەمساڵدا ٢٠٥ ژن لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون

لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لە تورکیا و باکوورى کوردستان (٢٠٥) ژن بە بیانووی جۆراوجۆر کوژراون کە رۆژانە زیاتر لە ژنێک کۆتاییان بە ژیانیان هێنراوە. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوێکی ژنان بە ناوی (پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان رادەگرین) کە زیاتر گرنگی بە بواری مافەکانی ژنان دەدەن لە تورکیا و باکوری کوردستان، تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا (٤١) ژن لە سەرانسەری تورکیا و باکوری کوردستان کوژراون و (٢٥) ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لە باکووری کوردستان و تورکیا (٢٠٥) ژن کوژراون کە (١١٧) ژنیان بە هۆکاری نادیار گیانیان لەدەستداوە و (١٢٪)یان بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەر لەمساڵدا (١٤) منداڵی کچ کوژراون کە (٩) منداڵیان لەگەڵ دایکیاندا پێکەوە کوژراون، هەروەها لەو (٢٠٥) ژنەی لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا کۆتایی بە ژیانیان هێنراوە (٦٥) کەسیان بەهۆی داواکردنی جیابوونەوە و رەتکردنەوەی هاوسەرگیری و پەیوەندی خۆشەویستی بووە، (١٢) ژنیشیان بەهۆی ئابووری، ژنێکیان بەهۆی رق و قینە، (١٣) ژنی دیکەشیان بە هۆکاری دیکە کوژراون، بەڵام (١١٤) ژنیان تائێستا هۆکاری کوشتنەکەیان نەزانراوە. 

هەر بەپێی ئامارەکە" (١١٧) ژن لە ناو ماڵەكانیاندا، (٤٦) ژن لەسەر شەقام، ٢ ژن لە شوێنی کار، (٧) ژن لە ناو ئۆتۆمبێل و (٥) ژن لە چۆڵەوانی، (٨)یان لە شوێنی کار و شوێنی گشتیدا، (٦)یان لە نێو هۆتیل و دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوون، (٢) لە شوێنی کات بەسەربردن، (٢) لە شوێنی دیکە و (١٢) ژنیش لە شوێنی نادیار كوژراون".



PM:06:47:12/07/2024