لە رووبەرووبوونەوەیەکی ئاسایشی هەرێم لەگەڵ داعش کارمەندێکی ئاسایش شەهید کرا و یەکی تریش بریندار بوو

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو "تیرۆریستی داعش لە ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگەی کەرکووک ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەوە، و لە ئەنجامدا یەکێکیان کوژرا  و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم  روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠٢٤/٧/١٤ کاتژمێر ٨ی بەیانی لە ناحیەی ( قەرەهەنجیر )، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکوک لە ئەنجامی دەستخستنی زانیاری پێشوەخت و چاودێری وورد و بەدواداچوون بەمەبەستی دەستگیرکردنی دوو چەکداری داعش ڕووبەڕوبونەوە ڕوویدا و لەئەنجامدا تیرۆریستێک کوژرا و یەک لە تیرۆریستان بە برینداری دەستگیرکرا".

ئاسایشی هەرێم دەڵێت" ئەم دوو چەکدارەی گروپی تیرۆریستی داعش بەمەستی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی ڕوویان لەناوچەکە کردبوو، لە ڕابردوودا لە کردەوەی یەکەم کارمەندێکی پۆلیس شەهید دەکەن لە گەڕەکی شۆراو و لە کردەوەی دووەم لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە کاتی دانانی بۆمبی چێنراو ڕووبەڕوبونەوە ڕوویدا و کارمەندێکی پۆلیس شەهیدبوو و هەرروەها لە کردەوەی سێهەمیان دوو کارمەندی تری پۆلیسی کەرکوک لەناو بازاڕی کەرکوک شەهید دەکەن و لە کردەوەی چوارەمدا لە بەردەم نەخۆشخانەی جمهوری ئەفسەرێکی پۆلیسیان شەهیدکرد، تیرۆریستان چەندین کردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە."

لە کۆتاییدا دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند"  بەداخەوە لە ئەنجامی ڕووبەڕوبونەوە لە قەرەهەنجیر کارمەندێکی ئاسایش بەناوی ( جوامێر عەزیز ڕەشید) شەهیدبوو و کارمەندێکی ترمان برینداربوو".



AM:09:50:14/07/2024