ئیدارەی دارایی نێوان عێراق و هەرێم یەکدەخرێت

ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق‌ و سەرۆکی لیژنەی یەکخستنی ئیدارەی دارایی لە نێوان هەرێم‌ و عێراق كۆبوه‌وه‌ کە تێیدا ئاماده‌یی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ بۆ یەکخستنی ئیدارەی دارایی نێوان هه‌ردوو حكومه‌ت دوپاتکردەوە. 

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ دکتۆر هەیسەم حەسەنی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی یەکخستنی ئیدارەی دارایی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کۆبۆوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی کارەکانی لیژنەی یەکخستنی ئیدارەدانی دارایی و ژمێریاری لە نێوان وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کراو وەزیری دارایی ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیە گشتییەکانی بۆ سەرخستنی کارەکانی لیژنەکەو یەکخستنی ڕێکارە دارایی و ژمێریاریەکان دوپاتکردەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لای خۆشیەوە ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە تا کۆتایی ئەم مانگە کارەکانی لیژنەی یەکخستنی ئیدارەدانی دارایی تەواو بکەن، هەروەها بڕیاریشە چەندین خولی هاوبەش لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ فەرمانبەرانی ژمێریاری تایبەت بە یەکخستنی ئیدارەدانی دارایی و ژمێریاری بکرێتەوە.


PM:09:04:14/07/2024