وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان درێژ کرایەوە

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژرادنەکان وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدانی پارت، هاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆوەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان درێژکردەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژرادنەکان ، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدانی پارت، هاوپەیمانی و کاندیدە سەربەخۆوەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی تەمموزی ٢٠٢٤ درێژ کردەوە. 

لەمبارەیەوەیە جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند "درێژکردنەوەکە بۆ بەربژێرانی پارت و هاوپەیمانێتی، سەربەخۆکان، کۆتای پێکهاتەکانە."

بە گوێرەی بڕیارەکە درێژکردنەوەی ئەو وادەیە لەسەر داوای هۆبەی کاروباری بەربژێرانی کۆمیسیۆن بووە. جومانە غەلای وتی"لەو سێ رۆژەدا ئەو هاوپەیمانێتییانەی پێشتر لیستی بەربژێرانیان رادەست کردووە، دەتوانن گۆڕانکاریی تیادا بکەن."

بۆ سلێمانی ٣٨ کورسی، هەولێر ٣٤ کورسی، دهۆک ٢٥ و هەڵەبجە سێ کورسی دیاری کراوە ، لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی دوو  کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان داندراوە ، لە دهۆک کورسیەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.

٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤  لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری کراوە.





PM:02:02:15/07/2024