وەزیری کارەبا: سەرەتای هەفتەی داهاتوودا مووچەی وەزارەتی کارەباش دابەش دەکرێت

وەزیری کارەبا ڕایدەگەیەنێت ئەو کێشەیەی بۆ مووچەی کارمەندانی وەزارەتەکەی دروستکرا چارەسەر دەبێت و پێشبینیش دەکات سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەکانیان خەرج بکرێت.

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" بە هۆی ٢٦٠٠ پۆلیسەوە کێشە بۆ مووچەی وەزارەتی کارەبا دروستکرا کە میلاکیان لە سەر وەزارەتی ناوخۆ بووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەرکیان پاراستنی دامەزراوەکانی کارەبا بووە، لە وەزارەتی کارەبا مووچەیان وەردەگرت".

ڕوونیشیکردەوە کە لیژنەی چاودێری فیدراڵی وتوویانە ئەو پۆلیسانە میلاکیان لەسەر چ وەزارەتێکە دەبێت لەوێش مووچە وەربگرن و لیژنەکەش بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە ڕۆژی یەکشەممە سەردانی وەزارەتی کارەبایان کردووە.

وەزیری کارەبا ڕاشیگەیاند" لیژنەی چاودێری دارایی عێراق تا کۆتایی ئەم هەفتەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و ڕاپۆرتی خۆیان پێسکەش دەکەن، ئەوەشی خستەڕوو کە چاوەڕوان دەکەن لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا مووچەی وەزارەتی کارەباش دابەش بکرێت".


PM:05:23:15/07/2024