ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی تەمموزی ٢٠٢٤ ئاوات شێخ جەناب لەگەڵ نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست كۆبووەوە و رایگەیاند" كاری جددیمان بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست كردووە"، دەشڵێت" لهگهڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لەسەر هێڵین بۆ بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست".
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم ئەمڕۆ پێشوازی كرد لە نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی كوردستان و تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی وەزارەت و لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیران كە لە ڕۆژی ٢٠٢٤/٥/٨ بە مەبەستی گەڵاڵەكردنی بڕیارێكی دروست لەبارەی بە هەمیشەیكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە ڕووی یاسایی و كارگێڕی و داراییەوە پێكهێنراوە تا بتوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی مافەكانیان پارێزراو بێت.
ئاوات شێخ جەناب لە میانی دیدارەکەدا ڕایگەیاندووە" لە ماوەی ڕابردوودا لیژنە باڵاكە كۆبونەوەی خۆیان كردووە و لە ئێستادا دۆسیەكە ڕەوانەی ئەنجوومەنی ڕاژە كراوە بۆ ئەوەی ڕێكارە هونەری و ئیداریەكان تەواو بكرێت".
وتیشی" وەك وەزارەتی دارایی هەمیشە داكۆكیكار و پشتیوانی فەرمانبەرانی گرێبەست بووین و لە ماوەی ڕابردووش هەرچی پەیوەست بوبێت بە وەزارەتەوە كاری خۆیان لەسەر كردووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵین بۆ تەرخانكردنی دارایی و دیاریكردنی میالاكاتی پێویست لەسەر ئاستی وەزارەت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەكان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لای خۆشییەوە نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست هیوایان خواست لە نزیكترین كاتدا پرسی بە هەمیشەیكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە بەپێی ئەو میكانیزم و ڕێكارانەی لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی ڕێككەوتنی لەسەر دەكرێت".