کاندیدێکى پارتى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کشایەوە

کاندیدێکی پارتى دیموکراتى کوردستان لە بازنەی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کشایەوە و دەڵێت" نامەوێت ناوم لە لیستێك بێت كە هەندێكیان هاوشانی خەبات و ئاستی فكری من نەبن". 

لوقمان نانەكەلی كاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەمشەو دووشەممە لە پۆستێكیدا بڵاویکردەوە" لە كاندیدبوونم بۆ پەرلەمان كشامەوە، خۆت چۆنی وابە، وامەبە وەك ئەوانی تر لێتیان دەوێت، هەتا ئالییەتی تەفكیرت تێك نەچێت". 

دەشڵێت" شانازی دەكەم بە كاندیدبوونم لەسەر لیستی پارتی بۆ پەرلەمانی كوردستان، شانازیش دەكەم كە رێگای خەباتمان پاك و بێگەردە، خۆشمان وەك عائیلە ئەو رێگایەمان هەڵبژاردووە بە تەعین بوون نەبووە و بە بەرژەوەندی نەبووە خەبات و حزبایەتی و ماندووبوونمان قوربانیشمان داوە لەو رێگایەدا". 

دەشڵێت" بە ئارەزووی خۆم رایدەگەیەنم خۆم كشامەوە لەو لیستە و نامەوێت ناوم لە لیستێك دابێت كە هەندێكیان هاوشانی خەبات و ئاستی فكری من نەبن و بەمەبەستی پلە و پایە و پۆست و خۆ دەوڵەمەندكردن بێنە دام و دەزگایەكی گەورەی وەك پەرلەمان كە شوێنی یاسادانان و بڕیار و چارەنووسی سیاسی نەتەوەیەكە نەك تاكە كەس و حزبایەتی". 

ئاشكرایكردووە" هەمووتان دەزانن پسپۆڕی من یاسای گشتی و دەستووری و كارگێڕی و سزای تاوان و دەولییە، چەندین ساڵە ئەو خزمەتەشم كردووە لە وەزارەتی تەندروستی بە پڕۆژە یاسادانان و پەیڕە و و رێنمایی، شانازی دەكەم وەك لە نەخۆشخانەی نانەكەلی بمێنمەوە خزمەتی نەخۆشانی شێرپەنجە بكەم كە زۆر بە داخەوە حەزم دەكرد ئەو لیستە زۆرینەی مرۆڤی بەویقار و بە ئەزموون كوردپەروەر و بڕوانامەی بەرزی تێدا بێت، نەك پێچەوانەكەی". 



PM:09:24:15/07/2024