وادەیەکی نوێ لەبارەی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان ڕاگەیەندرا

بەهۆی پشووی ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە لە هەولێر و بەغداد، بۆ جارێکی دیکە ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم تا ڕۆژی پێنجشەممە دوادەکەوێت. 

رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هۆتێل ڕۆتانای شاری هەولێر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی ئەمساڵ". 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی ڕۆژی سێشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووە و ڕۆژی چوارشەممەش لە عێراق پشوو هەیە، بۆیە ناردنی هەردوو مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی تەمموزی ٢٠٢٤ دواخراوە. 

وتیشی" هەر کاتێک ئەو بڕە پارەیە گەیشتە هەرێم بە دڵنیاییەوە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا". 

ڕێباز حەملان هێمای بۆئەوەشکرد" حکومەتی عێراق تێگەیشتنێکی باشی هەیە لە چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ڕسومات بۆ دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی جیهان، بەو پێیەی تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمێکەوە بۆ هەرێمێکی تر جیاوازە، بەمەش هەموو لایەنەکان بۆ چارەسەری کۆتایی هەموو کێشەکان دەگەنە ڕێککەوتن". 


AM:12:03:16/07/2024