کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا و پەرلەمانی كوردستان چارەسەر دەکرێت

كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا و پەرلەمانی كوردستان چارەسەركرا و هەفتەی داهاتوو دابەش دەكرێت.

میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمەوە بڵاویانكردەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبای هەرێم و پەرلەمانی كوردستان چارەسەر كراوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵەوە خەرج دەكرێت و ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، لەگەڵ گەیشتنی پارەكە، دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كارەبا و پەرلەمان دەكرێت.

کێشەی مووچەی پەرلەمانی کوردستان جیاوازیی میلاک بوو لەگەڵ مانگی رابردوو کە حەوت فەرمانبەر زیادبوون و لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە چارەسەکراوە؛ کێشەی وەزارەتی کارەباش لەسەر ٢٤٠٠ پۆلیسی کارەبا بووە و میلاکیان بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ گوێزراوەتەوە و بەوەش کێشەکە چارەسەر کراوە



PM:06:59:16/07/2024