شاندی حکومەتی فیدراڵ و هەرێم لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج ڕێکەوتن

وەزارەتی دارایی و ئابوری بڵاویکردەوە، دوای سەردانی لیژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری و بەڕێوەبەری گشتی کاروباری پەیوەندییەکان بۆ بەغدا، لەسەر چەند خاڵێک لەبواری باج گەیشتنە ڕێکەوتن.

لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ڕێککەوتنەکە بۆ لەمەودوا کارئاسانی بۆ ئەو کارگەو کۆمپانیاو بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن دەکرێت.

بەپێی بڵاوکراوەکەی وەزارەتی دارایی ئەو خاڵانەی ڕێککەوتون لەسەری بریتین لە :

١- داننان بەپاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کەپێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا.

٢- چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان ، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بەبیانوی ئەوەی بەرهەمەکانیان لەناوچەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لەکوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لەکوردستان بدەن.

٣- چارەسەرکردنی کێشەی پێدانی سوتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەنرخی هاندراو کەماوەیەکە پێدانی سوتەمەنیان بەو کارگانە ڕاگرتووە بەبیانوی نەدانی باج بەحکومەتی فیدراڵی.

٤- ڕێکەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکارو ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش.

٥- هەردولا لەسەر بانکەکان ڕێکەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج.

٦- هەرولا ڕێکەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگری کردن لە خۆدزینەوە لەباج.


PM:09:43:18/07/2024