هەرێمی کوردستان ٢ ملیۆن دۆنم دارستانی لەناوچووە


نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق مەترسییەکی گەورەی ژینگەی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت" لە دوو دەیەی رابردوودا هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن هێکتار کە دەکاتە ٢٠ ملیۆن دۆنم دارستان لەناوچووە".

نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە هەژماری  خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە " هەرێمی کوردستان لە دوو دەیەی رابردوودا، دوو ملیۆن هێکتار دارستانی لەدەستداوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ ەوە بە پاڵپشتی هەوڵەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، بەرهەمی نەمامی نەمامگەی سەرچنار لە ٢٥٠ هەزار نەمامەوە بەرزبووەتەوە بۆ ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار نەمام".

نەمامگەی سەرچنار لە سلێمانی کە یەکێکە لە گەورەترین نەمامگەکانی هەرێمی کوردستان و کۆنترین نەمامگە لە عێراق، بە هاوکاریی بەرنامەی خۆراکی جیهانی دووبارە نۆژەندەکرێتەوە، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت" بەو هیوایەی ببێتە پاڵپشتییەک بۆ پاراستنی دارستانەکان بە شێوەیەکی بەردەوام".

بەپێی بە دواداچوونەکانی ماڵپەڕی " سپی " سەرباری کۆمەک و هاوکارییەکانی رێکخراوی WFP هێشتا نەمامگەی سەرچنار بەدەست کەمی کرێکاری کشتوکاڵیەوە دەناڵێنێت و ١٠ کرێکاری کشتوکاڵی بەوانەی حکومەت و بەوانەی گرێبەشتیشن، کار دەکەن.




PM:12:08:19/07/2024