دەمیرتاش: رۆژێک دێت تورکیا بەڕێوەدەبم

لە ١٤ یەمین دادگای سزای مێرسین، سەڵاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی ئاراستەی ئەردۆغان کرد و وتی" رۆژێک دێت بە پشتیوانی خەڵک، ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەم. ئەو کاتە سیاسەتی تۆڵەکردنەوە پەیڕەو ناکەین". 

لە ١٤ یەمین دادگای سزای مێرسین،دواین دانیشتنی دادگاییکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای ئاراستە کرا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند"
 وەک سیاسییەکی کورد بەهۆی بەکارهێنانی مافی رەخنەگرتن دادگایی دەکرێم. لەبەر تیرۆر و توندوتیژیی سزا نەدراوم، بەڵکو لەبەر گوتەکانم بە ٥٥ ساڵ زیندانیکردن سزادراوم".

وتیشی" نازانم ئەمڕۆ چی سزایەکم بەسەردا دەسەپێنن، بەڵام هەمووان دەزانن ئەوانەی لە شاری سۆما بوونە هۆی مردنی ٣٠١ کەس بە ١٧ ساڵ و ئەوانەی هرانت دینکیان کوشت بە ١٦ ساڵ سزادران، کەچی ئەو لەسەر چەند گوتەیەک بە ٥٥ ساڵ سزادەدرێت".

دەمیرتاش راشیگەیاند" خەلیل کاپڵان، تەنیا لەبەرئەوەی ئەوی بە تیرۆریست ناوبرد، کرا بە بەڕێوەبەری تەرەتە، ئەو دادوەرانەی سزایانداوە پلەیان بەرزکرایەوە'.

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکرد، دەیەوێت سیستمی تورکیا بگۆڕێت و وتی" من سیاسییەکم دەمەوێت دەستوور، سیستم و حوکمڕانی ئەم وڵاتە بگۆڕم. بەو دۆخەشی تێیدام هێشتا دەمەوێت هاوڵاتییەکی ئەم وڵاتە بم. لەو کاتەی من ئەو گوتانەم پێشکەشکردووە دەوڵەت خەڵکی ئەشکەنجە دەدا، خەڵکی مەدەنی دەکوشت و گوندەکانی دەسوتاند، من سەرۆکوەزیران بە بەرپرسیار نەزانم کێ بە بەرپرسیار بزانم؟"

دەمیرتاش لە کۆتاییدا راشیگەیاند" ئەمڕۆ لە زیندانەوە قسە دەکەم، بەڵام سبەی لە دەسەڵاتەوە قسە دەکەم، ئەمە بانگەشەیەکە و دەیکەم. رۆژێک سەڵاحەدین دەمیرتاش بە پشتیوانی خەڵک، ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات. ئەو کاتە سیاسەتی تۆڵەکردنەوە پەیڕەو ناکەین. ئێوە بە سزادانی من نرخی تەماتە و پەنیر بەزرتر و متمانەی خەڵک بە یاسا کەمتر دەکەنەوە".


PM:06:29:19/07/2024