بڕیارە سبەی لیستی مووچەی مانگی ٧ رادەستی بەغدا بکرێت

بڕیارە سبەی شاندێکی هەرێم بۆ پرسی مووچە و بودجە سەردانی بەغدا بکات، و لیستی مووچەی مانگی حەوت ببات. 

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بە ( سپی) راگەیاند"بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی  پرسی مووچە و بودجە سەردانی بەغداد بکات".

سەرچاوەکە راشیگەیاند" ئەگەر وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان تەواوبێت سبەی بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان  سەردانی بەغداد بکات، ئەوە لیستی مووچەی مانگی حەوت رادەستی چاودێریی دارایی عێراق دەکرێت".

رۆژی ٩ـی تەمموز دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە، بەڵام بەهۆی بوونی گرفت لە لیستی مووچەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و وەزارەتی کارەبا، هێشتا فەرمانبەرانی ئەو دوو دامەزراوەیە مووچەکانیان وەرنەگرتووە.

هاوکات ئەمڕۆ شەممە شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی"وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری کردینەوە مووچەی مانگی ٦ـی خانەنشینانی یەکەی ٧٠ و ٨٠ـی پێشمەرگە رابگرین و لەگەڵ مووچەی مانگی تەمووز دابەش بکرێت."



PM:02:14:20/07/2024