وەرگرتنی گەنمی هەرێم کۆتایی هات
٦٨٥ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە


وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حکومەتی ( ماوە بۆ درێژکراوە ) رایگەیاند" پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم کۆتایی هاتووە و زیاتر لە ٦٨٥ هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیاران وەرگرتووە".

یەکشەممە ٢١ی تەموز، وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت" رۆژی هەینی رابردوو، دوا رۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم بووە لە سایلۆکانی هەرێم و پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە ماوەی ٤٠ رۆژی خایاندووە".

هەروەها هاتووشە" وا بڕیار بووە لەو ماوەیەدا ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەر بگیرێت، بەڵام، بڕی ٦٨٥ هەزار و ٩٧٤ تۆنیان لە جوتیاران وەر گرتووە".

ئاماژە بەوەش دەکرێت ئەو بڕەی نەتوانراوە لە جوتیاران وەربگیرێت ١٤ هەزار و ٢٥ تۆن گەنم بووە، ئەوەش بەهۆی ئەو گەنمە بەپێی ئەو مەرجانە نەبووە کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دایناوە.

باس لەوەش کراوە، کۆی گشتیی پارەی جوتیاران نزیکەی ٥٩٠ ملیار دینارە و لەو بڕەش، تا ئێستا ٧٤ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ هەرێم نێردراوە و بەسەر جوتیاراندا دابەش کراوە، بەجۆرێک، ٢٨ ملیار دینار بۆ جوتیارانی سلێمانی، ١٧ ملیار دینار بۆ جوتیارانی هەولێر و ٢٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ جوتیارانی دهۆک بووە.

"بڕی ئەو پارەیەی وەک شایستەی جوتیاران ماوە و پێویستە بەغدا بینێرێت بریتیە لە ٥١٥ ملیار دینار، چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و پاش تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت.( وەزارەتی بازرگانی وا دەڵێت).



PM:02:40:21/07/2024