یادی ١٦ ساڵەی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە بەرز راگیرا


ئەمڕۆ یەک شەممە ١٦ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی یەکێک لە شەهیدانی قەڵەم، سۆرانی مامە حەمەدا تێپەڕدەبێت و، لەم یادەدا کەسوکارو هاوڕێکانی لەسەر مەزاری شەهیدی قەڵەم لە چەمچەماڵ یادیان کردەوە. 

بەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە بە ئامادەبوونی کەسوکار و هاوڕێ و بەشێک لە ڕۆژنامەنوسان لە گۆڕستانی شێخ سەعید لە شارۆچکەی چەمچەماڵ مەراسیمێک بەڕێوەچوو و تێیدا دووبارە کەسکوکار و هاوڕێکانی داوایان کرد، کە ئەو کەسانەی لەپشت ئەنجامدانی تاوانەکەوەن دادگایی بکرێن.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا نووسەر لەتیف فاتیح فەرەج وتارێکی پێشکەشکرد و وتی" من بڕوام وایە دوای ١٦ ساڵ لە شەهیدکردنی سۆران ئێستا کاتی ئەوەنییە ئێمه قسە بکەین، ئێمه ١٦ ساڵە قسە دەکەین، ئێستا کاتی ئەوەیە بکوژەکان و خاوەنی بکوژەکان قسە بکەن، نەک تەنها بکوژی سۆران، بەڵکو بکوژی تەواوی ئەو ئازادیخوازانەی لە دوای ساڵی ١٩٩١ـەوە دەسەڵاتی کوردی کوشتونی".

دواتر فەرمان مامە حەمە برای شەهید سۆرانی مامە حەمە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی" دوای ١٦ ساڵ هیچ شتێک گۆڕانکاریی بەسەردا کەیسەکەیدا نەهاتووە و کەیسەکەی وەک خۆی ماوە، هیچ بەرەو پێشچونێکی بەخۆوە نەبینیوە نازانین داوا لە کێ بکەین، ئەوە ١٦ ساڵە داوا دەکەین کەس گوێی لە داواکاری ئێمە و سەرجەم ئەو ئەو ڕۆژنامەنوسانەی دیکە و ئەوخەڵکە  ئازادیخوازانەی دیکەش نەگرتووە".
برای سۆانیش وتیشی" ئێمە هەمان داواکارییەکانی ساڵانی پێشوومان هەیە و هیچ ئومێدێکمان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان نییە، تەنها ئومێدمان ئەوەیە خوای گەورە ئەم دەسەڵاتە بگۆڕێت بە دەسەڵاتێکی دیکەی دادپەروەر، ئەوکات بکوژەکان ئاشکرا بکرێن".

دواتر ئەحمەد میرە ڕۆژنامەنوس و هاوڕێی سۆران وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی
" گۆڕانکاری لە کەیسی سۆرانی مامە حەمە لە ڕووی کارگێڕی و یاسایی و ئەمنیەوە نییە، بەڵام گۆڕانکاری لەوەدا هەیە کە ئەم کەیسە ساڵ لەدوای ساڵ گەورەتر دەبێت لەنێو ڕای گشتیدا، ڕەهەندە مێژووییەکەی وادەکات ئەم کەیسە لە یادەوەری مێژووی هەر تاکێکدا بمێنێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو کەیسێک دوای ١٦ ساڵ لە چەندین شوێنی جیاواز لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات مەراسیمی بۆ بکرێت کەیسێکی گەورە و گرنگە، سۆران شەهیدبوونەکەی مێژووی ڕۆژنامەنوسی کوردی لەتکرد، سۆران ڕەمزێکی گەورەیە، ڕاستە  ئێمه سەرکەوتوو نەبووین لە ڕووی یاسایی و ئەمنیەوە، بەڵام سەرکەوتوو بووین لە هێشتنەوەی کەیسی سۆران لە هزر و مێشکی خەڵکیدا.

لە کەرکوک ١٦ ساڵ لەمەو پێش ئێستا ڕۆژنامەنوس سۆرانی مامەحەمە لە شاری کەرکووک لە ماڵەکەیدا خۆیدا تیرۆرکرا، تاکو ئێستاش بکوژی ڕاستەقینەی دەستگیرنەکراوە.




PM:04:23:21/07/2024