"پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و دەبێت بۆ کورد بێت"

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی تەمموزی ٢٠٢٤ پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی حزبە کوردستانییەکان لە بارەگای کۆمەڵی دادگەری لە کەرکوک جەختیان کردەوە کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و دەبێت بۆ کوردێک بێت. 

ئێوارەی ئەمڕۆ حزب و لایەنە کوردستانییەکان لە بارەگای مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی دادگەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند" داوا لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری شارەکە بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانییەوە". 

دەشڵێن" هەموو حزب و لایەنە سیاسییە کوردەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و دەبێت بۆ کورد بێت". 

ئاماژەیان بەوەشکرد، هەموو حزبەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەموو مانگێک لە کاتی پێویستدا کۆبوونەوەی بەرپرسی یەکەمی حزبەکان ئەنجامبدرێت و مانگانە پەیوەندی کۆبوونەوەکان بە بەردەوامی ئەنجام بدرێت. 

ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام تائێستا حكومەتی خۆجێی لە پارێزگای كەركوك پێکنەهێندراوە و پارێزگاری نوێ هەڵنەبژێردراوە. 



PM:08:01:21/07/2024