پێکهاتەکانی هەرێم داوای زیادکردنی کورسییەکانیان دەکەن لە پەرلەمانی کوردستان

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی پێکهاتەکان ڕایدەگەیەنێت" داوا دەکەین لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستاندا دەسەڵاتی ڤیتۆمان هەبێت، هەروەها یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و پشکی کورسییەکان زیاد بکرێت بۆ ١٥ کورسی". 

ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی پێکهاتەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ی تەمموزی ٢٠٢٤ دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتە نیشتمانی و ئایینییەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرجەم هەڵسوڕاوانی پێکهاتەکان ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا و بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان". 

وتیشی" لەم کۆبوونەوەیەدا چەند پێشنیارێک خراونەتەڕوو، لەوانەش پێویستی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان، زیادکردنی پشکی کورسی بۆ پێکهاتەکان، کارکردن بۆ ئەوەی ببێتە ١٥ کورسی لە بری ٥ کورسی، لەوانە ١١ کورسی بۆ پێکهاتە نیشتمانییەکان، و چوار کورسی بۆ پێکهاتە ئاینییەکان کە ئەوانیش نوێنەریان دەبێت لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ نمونە گرنگە ئێزیدییەکان و شەبەکەکان نوێنەری خۆیان لە پەرلەماندا هەبێت". 

دەشڵێت" حکومەت پشتیوانی داواکاری و مافی پێکهاتەکان و پێکەوە ژیانی کردووە، بەڵام لە عێراقدا سیستمی کۆتا سەرکەوتوو نەبووە". 

مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستاندا، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی کەمکردەوە، سیستمی هەڵبژاردنەکانیشی لە هەرێمی كوردستان كرد بە چوار بازنە.


PM:08:44:21/07/2024