سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەکرد کە هەر بەربژێر و لایەنێک بانگەشەی هەڵبژاردن بکات سزا دەدرێت، چونکە چونکە جارێ ناوی کەس پەسند نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " بەشێکی بەربژێرانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، هیچ بەربژێرێک مافی نییە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات، چونکە جارێ ناوی کەس پەسند نەکراوە و ئەوەی بانگەشە دەکات، کێ دەڵێت ناوەکەی پەسند دەکرێت".
مەروان محەمەد ئاماژەی بەوەووکرد کە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە دوای ١٥ ئەیلوول، و هەر بەربژێرێک پێش کاتی بانگەشە لە هەرشوێنێک بانگەشە بکات سزادی مادی دەدرێت.
تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی ١٨ی تەممووز هات و بڕیارە لە ١٥ رۆژدا وردبینیی لە ناوەکان بکرێت و پاشان ژمارە دەدرێتە لیست و بەربژێران و هاوپەیمانییەکان.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان ١٩٠ بەربژێری هەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ١٧٢ بەربژێر، بەرەی گەل ١٢١ بەربژێر، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ٥٩ بەربژێر، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧١ بەربژێر و رەوتی هەڵوێست ٧٤ بەربژێریان دەبێت.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ سلێمانی ٣٨ کورسی، هەولێر ٣٤ کورسی، دهۆک ٢٥ و هەڵەبجە ٣ کورسی دیاریکراون. لەهەریەک لە هەولێر و سلێمانی ٢ کورسی بۆ کۆتای کریستیان و تورکمان دانراون، لە دهۆک کورسییەک بۆ کۆتای ئەرمەن تەرخان کراوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.