ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئازاد جوندیانی رایگەیاند " ئەبوایە ئەولەویەتی کۆبوونەوەی ئەمرۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ داڕشتنی نەخشە ڕێگایەک بوایە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانی ناوخۆییەکانی یەکێتی".
لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی سپی میدیا، ئازاد جوندیانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردساتن وتی "راستە ئەجێندای کۆبوونەوەکە کۆمەڵێک خاڵی لەخۆ گرتبوو، بەڵام بەبۆچوونی من کۆبوونەوەیەکی ئاوا کە دوای چەند مانگێک کۆبوونەوە نەکراوە، دەبوایە ئەولەویەتی کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی نەخشە ڕێگایەک بوایە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، چونکە ئەو کێشانەی کە هەن و هەموو قاعیدەی یەکێتی باسیان لێوە دەکات، بەسەر هەموو سیاسەتەکانی یەکێتیدا رەنگی داوەتەوە".
ئازاد جوندیانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو بەشێکی کۆبوونەوەکە بەشداربووەو بۆ کارێکی تایبەتی خۆی مۆڵەتی وەرگرتووەو تا کۆتایی کۆبوونەوەکە لەوێ نەبووە، بەڵام ئەو وەک خۆی دەڵێت " بڕوای تەواوم بەوە هەیە بێ دەربازبوون لەو کێشە ناوخۆییانەی یەکێتی و دۆزینەوەی نەخشە رێگایەکی دروست ناتوانین لە قەیرانی بڕیار وەرگرتن ڕزگارمان بێت، پێموایە لەگەڵ بەشێک لە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسیش لەسەر ئەو بۆچوونە هاوڕاین، دەبێت رێو شوێنێک بگرینە بەر کە تینوێتی قاعیدەی یەکێتی تێر ئاو بکات".