شێخ جەعفەر بەرزنجی مرد

شێخ جەعفەر بەرزنجی کۆنە پارێزگاری سلێمانی لە سەردەمی سەدام حسێن، کە یەکێک بوو لە دڕەندەترین تاوانبارەکان دژی خەڵکی سلێمانی، ئەمڕۆ مرد.

ئەمڕۆ هەینی بە گوێرەی زانیارییەکانی ( سپی) شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی لەسەردەمی سەدام لە ساڵانی ( ١٩٨٠ تا ١٩٩٠)، لە وڵاتی ئەردەن مرد. ئەوە لە کاتێکدایە هەندێک لە کەسوکاری دەڵێن: هێتشا گیانی لە دەستنەداوە، بەلآم باری تەندروستی باش نییە، سەردەمی جەعفەر بەرزنجی بە یەکێک بوو لە رەشترین‌و تۆقێنەرترین‌و پڕ لەكوشتارترین ١٠ ساڵی حوکمڕانی شاری سلێمانی‌ و سنوری ئەو پارێزگایە.

شیێخ جەعفەر بەرزنجی یەكیک بووە لەو تاوانبارانەی سەردەمی سەدام حسێن کە دەستی لە چەندین تاوان و کوشتنی خەڵکی سلێمانی و هەرێمی کوردستان بووە و یەکێک بوو لە کۆڵەکەکانی سەردەمی رژێمی پێشووی دیکتاتۆری بەعس. 

شێخ جەعفەر، ساڵی ١٩٣٨ لەقادركەرەم لەدایكبوە، لەشەستەكانی سەدەی رابردودا بوە بەپێشمەرگەی ئەیلول، ساڵی ١٩٦٩ كاتێك لەهێزی رزگاری فەرماندەیی شەڕێكی كردوە‌و تێكشكاوە لەناوچەی گەرمیان، مستەفا بارزانی بۆ ماوەی دو ساڵ خستویەتییە زیندانی "رایات"ەوە.  سالًی ١٩٧٤ كە شەڕی نێوان سوپای بەعس‌و پێشمەرگە دەستپێدەكاتەوە، شێخ جەعفەر دەچێتە پاڵ حكومەت.

ساڵی ١٩٨٠ كە ئەرشەد زێباری دەكرێت بەوەزیری حكومەتی عێراق، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەشێخ جەعفەر دەسپێردرێت. ئەو ١٠ ساڵەی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی دەبێت (١٩٨٠تا ١٩٩٠)، بە رەشترین‌و تۆقێنەرترین‌و پڕ لەكوشتارترین ١٠ ساڵی شاری سلێمانی‌و سنوری ئەم پارێزگایە دادەنرێت.

لەم ١٠ ساڵەدا لەپاڵ شەڕی عێراق‌و ئێراندا، شەڕی نێوان پێشمەرگەو سوپای بەعسیش بەردەوام دەبێت، هەڵمەتی تۆقاندن‌و راوەدونان‌و رەشبگیریی‌و زیندان‌و کوشتارو راگواستن‌و تەخت کردنی گوندەکان دەستپێدەکات.  لەساڵی ١٩٨٧ و ١٩٨٨دا كە عەلی حەسەن مەجید لەلایەن مەجلیسی قیادەی سەورەو قوتری بەعسەوە دەكرێت بەئەمینداری نوسینگەی باكوری حزبی بەعس، لەلایەن سەدام حسێنەوە تەواو سەرپشك‌و دەستكراوە دەكرێت بۆ ئەنجامدانی هەمو توندوتیژیی‌و تاوانێك، ئەم كوشتار‌و دڵڕەقییە لەپارێزگای سلێمانی بەتایبەتی‌و لەهەمو كوردستاندا بەگشتی دەگاتە ترۆپك‌و پرۆسەی ئەنفال‌و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەستپێدەكات. ئەم توندوتیژیی‌و جەللادییەش بەهاوكاری‌و چاوساغی ژمارەیەك لەكورد ئەنجام دەدرێت، كە شێخ جەعفەر بەرزنجی یەكێكیانە.

ئەرشیفی تەلەفزیۆن‌و رۆژنامە كوردی‌و عەرەبیەكانی سەردەمی بەعس دەیان لێدوانی شێخ جەعفەریان لەخۆگرتوە كە چۆن لەو رۆژگارە رەشەدا بەوپەڕی ئەمەكدارییەوە دڵسۆزی خۆی بۆ "سەرۆكی فەرماندە"‌و "حزبی پێشڕەوی بەعس"‌و "سوپا دلێرەكەی عێراق" دوپات دەكاتەوە، سەرۆك‌و حزب‌و سوپایەك كە مەگەر تەنها "نزار خەزرەجی" سەرۆك ئەركانی پێشوی عێراق لەیاداشتەكانیدا وێنای كردبێت چۆن بەوپەڕی قین‌و رق ئەستورییەوە ئاگریان بەسەر شار‌و شاخ‌و گوندو دەشت‌و دەری پارێزگای سلێمانیدا باراندوە.

ساڵی ١٩٩٠، پلەی شێخ جەعفەر بەرز دەكرێتەوە‌و دەكرێت بەسەرۆكی "مەجلیسی تەنفیزی حوكمی زاتی"، بەڵام زۆر ناخایەنێت كە لەبەهاری ١٩٩١دا، بەهۆی داگیركردنی كوێت لەلایەن سوپای عێراق‌و هەڵگیرسانی جەنگی یەكەمی كەنداوو هێرشی هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق، خەڵكی كوردستان دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ‌ راپەڕن‌و دامودەزگاكانی رژێمی بەعس لەكوردستان رابماڵن.

شێخ جەعفەر ماوەی چەند ساڵێك بوو لەشوقەیەكدا كە دەكەوێتە یەكێك لەگەڕەكە راقیەكانی عەممانی پایتەختەوە، لەگەڵ گوڵاڵەی هاوسەری سێهەمی‌و سێ‌ كچەكەیدا ژیانی بەسەر دەبرد.




PM:03:10:26/07/2024