سلێمانی.. كرێكارێکی بیانی لە كاتی كاركردندا گیانی لەدەستدا

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی تەموزی ٢٠٢٤ کرێکارێکی بیانی لە کارگەیەکی چیمەنتۆ لە سلێمانی، بەهۆی بەرکەوتنی ئامێرێک بەسەریدا گیانى لەدەستدا. 

عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە سلێمانی، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕایگەیاند" کرێکارێک لە کاتی کارکردندا لە کارگەی دەلتا، بەهۆی بەرکەوتنی ئامێری كۆمپرێسەری چیمەنتۆ بەسەریدا گیانی لەدەستدا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، کرێکارەکە ناوی هوانگ باوكای-یە و بە ڕەگەز چینی بووە و تەمەنی ٤٩ ساڵە، لە ئێستاشدا تەرمەکەی بۆ توێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ماوەی ئەمساڵدا لە شاری سلێمانی (١٧) کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە شەش کەسیان بیانی بوون. 


PM:03:31:27/07/2024