دەسەڵاتدارانی ئێران لە ١٠ ڕۆژدا ٢٧ زیندانییان لە سێدارە داوە

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٢٧ زیندانییان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە سێدارەداوە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دەسەڵاتدارانی ئێران لە ١٨ی ئەم مانگەوە تا ئەمڕۆ لانیکەم ٢٧ زیندانییان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە سێدارە داوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نێو ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون زۆرینەیان کوردن، هەروەها لەو ژمارەیە چوار ژنە دەستگیرکراوی ئێرانی و سێ زیندانی نەتەوەیی ئەفغانی بوون. 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٩٠ کەسیان لە زیندانە جیاوازەکانی ئێران لە سێدارە داوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە ڕاپۆرتێکی نوێی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لە زیادبوونی سزای سێدارەکان لە ڕۆژانی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران.

لە ڕاپۆرتەکەدا مەحمود ئەمیری موغدام بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئاماژەی بە ئەزموونی قۆناغەکانی پێشوو کرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان کەمدەکەنەوە" بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا"، بەڵام ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکان دەگەڕێنەوە بۆ جێبەجێکردنی سزاکان بەشێوەیەکی چڕ.


PM:06:48:27/07/2024