بافڵ تاڵەبانی: دەبمە پارێزەری بنەماڵەی ئاری چایچی


ناڕەزایەتی و بێزارییەکی زۆر لەناو دانیشتوانی سلێمانیدا دروستبووە لەسەر بوونی ئەو هەموو میلیشیایە لەناو شاردا، دوا رووداویش کوژرانی چایچییەک بوو بەدەستی چەکدارێکی کۆماندۆ، بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا دەڵێت " رایدەگەیەنم دەبمە پارێزەری بنەماڵەی سەربەرزی کاکە ئاری تاوەکو ئەم دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و دادگا بڕیاری دادپەروەرانەی خۆی بدات".

لەو پایەمەدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردەوە، دەڵێت" شەهیدکردنی کاک ئاری و بریندارکردنی هاونیشتمانییەکیتر لەکاتی کار و پەیداکردنی بژێویی ژیانیاندا، لەدڵەوە نیگەرانیکردم".

" بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەی کاک ئاری دەکەم و هاوبەشی ئەم ماتەمەم، لەخوای گەورەش داواکارم شیفای بریندارەکە بدات و هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم".( بافڵ تاڵەبانی وا دەڵێت).

سەرۆکی یەکێتی جەخت دەکاتەوە " شەهیدکردنی کاک ئاری تاوانێکی گەورەیە، دەبێت بکەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، داوا لە دەزگای ئاسایش دەکەم بەزووترین کات ئەنجامدەرانی تاوانەکە رووبەڕووی یاسا بکەنەوە تاوەکو لەمەودوا هیچ کەسێک جورئەت نەکات دەست بۆ ژیانی خەڵک ببات".

لە کۆتایی پەیامەکەدا بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت "هاوکات سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دڵنیادەکەمەوە هەرکەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت و یاساشکێنی بکات، یاخود ببێتەهۆی دروستکردنی پشێوی و پاڵپشتی هەر تاوانێک بکات، رادەستی یاسا دەکرێت و هیچ لێخۆشبوونێک بۆ ئەو کەسانە نییە کە ژیان و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەخەنە مەترسییەوە. دووپاتیشیدەکەینەوە ئەرکی کارمەندانی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، پاراستنی ژیانی خەڵک و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنانە، هیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک قبووڵناکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".

شەوی رابردوو لە گەڕەکی راپەرینی سلێمانی چەکدارێکی هێزی کۆماندۆ چایچیەکی گەنجی کووشت و کەسێکی تریشی بریندار کرد، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵک بەتایبەتی لەم جۆرە رووداوانە و دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیان ماوەیەکە لە سلێمانی روو لە زیاد بوونە.




PM:06:19:28/07/2024