فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" ڕووداوەکەی شەوی رابردووی سلێمانی کە تیایدا چەکدارێکی یەکێتی گەنجێکی کاسبکاری شەهید کرد، بنەماڵەی تاڵەبانی لێی بەرپرسن".
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لەبارەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" پاش ناردنی سەرەخۆشی خۆمان بۆ خێزانی خوالێخۆشبوو، رایدەگەیەنین کە ئەم جۆرە ڕوداوانەی کە چەند بارە دەبنەوە هۆکاری یەکەمی بنەماڵەی تاڵەبانییە لە سلێمانی کە ئەو شارەیان کردوە بە شاری ترس و تۆقێن و کۆمەڵێک چەکداریان سەرپشک کردوە کە بە رۆژ و بە شەو و بە ئاشکرا ڕۆڵە و خەڵکی سلێمانی بکوژن".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" داوا لە هاوڵاتیانی سلێمانی و تەواوی کوردستان دەکەین کە ڕێگە نەدەن ئەم ڕوداوانە بەردەوام بن و چەند بارە ببنەوە".
باس لەوەشکراوە، ئەمە ئەمرۆ لە کەسێکە سبەی لە هەموان ڕوو دەدات، گرنگە خەڵکی سلێمانی و کوردستان ئەمەیان لە بیر نەچێتەوە نە لە ئێستادا و نە لە داهاتودا بە تایبەت کە چەکی هەڵبژاردن لە پێشە بۆ تۆڵەی هەموو تاوانەکان.
شەوی رابردوو لە گەڕەکی راپەرینی سلێمانی چەکدارێکی هێزی کۆماندۆ چایچیەکی گەنجی کوشت و کەسێکی تریشی بریندار کرد، ئەم ڕووداوەش کاردانەوەی توندی هاوڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێنا.