رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا ڕایدەگەیەنێت" دەبوایە سلێمان ئەحمەد بەپێی یاسایی ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ بکرایە".
ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، ئەمڕۆ دووشەممە لەبارەی سزادانی سلێمان ئەحمەدی ڕۆژنامەنوس لە راگەیەندراوێکدا کە دانەیەکی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، تیایدا هاتووە" سەپاندنی ئەو سزا قورسە بەسەر ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بەپێی یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ـیە كە یاسایەكی تایبەتە بە تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم، لە كاتێكدا گەر ئەو ڕۆژنامەنوسە تاوانێكی ڕۆژنامەگەریشی ئەنجامبدایە، دەبوو بە یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ی ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە".
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ڕۆژنامەنووسە لە سەرەتای دەستگیركردنییەوە مافی بینینی كەسوكاری و گرتنی پارێزەری نەبووە تاوەكو كۆتا قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە، ئەمەش پێشێلكاری ئاشكرای مافی مرۆڤ و دەستوور و یاسا بەركارەكانی عێراقە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی جاسەنە ئەوەش هاتووە" سزادانی ئەم ڕۆژنامەنووسە، لە كاتێكدایە كە پێشتر چەندین ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و ناوخۆی ڕەخنەی توندیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر دۆسییەی سزادانی ڕۆژنامەنووسان لە دەڤەری بادینان گرتووە و حكومەتی هەرێمیش بەڵێنی چارەسەركردنی ئەو دۆسییەیەی داوە، بەڵام دۆخەكە هیچ نەگۆڕاوە و جگە لە سزادانی سلێمان ئەحمەد، لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامەنووس دەستبەسەركرابوون كە بە مەبەستی ڕووماڵكردنی هێرش و داگیركارییەكانی توركیا، سەردانی ئەو ناوچەیەیان كردبوو".
هەروەها ڕێكخراوی جاسەنە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا سەركۆنەی بڕیاری سزای ڕۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد دەکات و ڕایگەیاند" کە بە هەوڵی بەردەوامی سەركوتكردنی ئازادی ڕادەبڕین و ڕۆژنامەنووسی دەزانن".
رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠٢١ مۆڵەتی فەرمی لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان وەرگرتووە، رێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە و ئامانجی دەستەبەرکردن و پاراستنی ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری و ئازادی سۆشیال میدیایە.