وێنە.. عەتا سەراوی بە " کەفالەت " ئازاد کرا

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ی ئابی ٢٠٢٤ ئاسایشی سلێمانی عەتا سەراوی ئەندامی سەرکردیاتی پێشووی یەکێتی بە کەفالەت" ئازاد کرد.

بە پێی زانیارییەکانی سپی عەتا سەراوی ٢٧ رۆژە لە لایەن ئاسایشی سلێمانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەکاتی گەڕانەوەیدا لە دەرەوەی وڵات دەستگیرکرا، ئەمڕۆ بە "کەفالەت" ئازادکرا تا رۆژی دادگاییکردن.

نیوەڕۆی ڕۆژی ١٩ی نیسانی ئەمساڵ لە سەرچناری شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی عەتا سەراوی ئه‌ندامی پێشووی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی کوردستان گڕیگرت، بێجگە لە سووتانی دوو ئۆتۆمبێلی دیکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. 

لای خۆشیەوە میدیاکانی یەکێتی رایانگەیاندووە " عەتا سەراوی داواكراوبووە بەماددەكانی ( ٤٥٦ )لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و بە ماددەی ( ٢ )لە یاسای ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر لە دەزگای ئاسایشی هەرێم، ناوبراو تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی، بەمەبەستی نانەوەی پشێوی و دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ لای هاووڵاتیان".

هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ هێزێکی ئەمنی چوونە سەر ماڵی عەتا سەراوی لە گەڕەکی سەرچنار و چەند پاسەوانێکیان دەستبەسەرکرد بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ڕووداوەکە.

لەبەرامبەردا عەتا سەراوی لە پەیامێکدا لە کاتی دەستگیرکردنی وتی " بێ ئەوەی بزانم بۆ و لە پایی چی و بە فەرمانی کێ و وە چ سیناریۆ و گەمەیەکی قێزەون یان بۆ ئامادە کردوم، لە ئاسایشی گشتی ڕاگیرام".




PM:12:33:01/08/2024