لە کۆیە گولـلە هاوەنێکی سەردەمی سەدام بە مێرمنداڵێکدا دەتەقێتەوە

لە کۆیە مێردمنداڵێک دەستکاری گولـلە هاوەنی کردووەو پیایدا تەقیوەتەوە، دەست و چاوی بریندارە، بەڵام تەندروستی جێگیرە.

ئەمڕۆ شەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٤  مێردمنداڵێک ناوی عەبدولرەحمان عەبدولخالقە و تەمەنی ١٢ ساڵانە، لە خێزانە رەوەندەکانە، لەوکاتەی شوانی مەروماڵات بووە گولـلە هاوەنەکەی بینیوەتەوە و دەستکاری کردووە، پیایدا تەقیوەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو شوێنەی گولـلە هاوەنەکەی لێ بووە لە نزیک بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە( قەڵای دیموکرات) بووە لە کۆیە، وجگە لەو دانەیەی تەقیوەتەوە، گولـلە هاوەنێکی دیکەشی لێبووە و ئاسایش هەڵیگرتووەتەوە، ئەو گولـلەهاوەنانە هی سەردەمی سوپاکەی سەدام حوسێن بوون.

نەشئەت محەمەد، یاریدەدەری پزیشک لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید د. خالید لە کۆیە لەبارەی رووداوەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند"  ئەو مێر منداڵە دەستەکانی بریندار بووە و زیان بەرچاویشی کەوتووە و خراپ دەبینێت، دوای فریاگوزاری سەرەتایی، رەوانەی شاری هەولێرمان کرد".



PM:05:56:03/08/2024