لە باکووری کوردستان و تورکیا ٢٣ ژن کوژران

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ٢٣ ژن لە سەرانسەری باکوری کوردستان و تورکیا کوژراون و ٢٣ ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوای گیانیان لەدەستداوە. 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوێکی ژنان بە ناوی (پلاتفۆرمی کوشتنی ژنان رادەگرین) کە زیاتر گرنگی بە بواری مافەکانی ژنان دەدەن لە تورکیا و باکوری کوردستان، تەنها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا (٢٣) ژن لە سەرانسەری تورکیا و باکوری کوردستان کوژراون و (٢٣) ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لە دەستداوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ٨ ژن لەلایەن هاوسەرەکانیان، ٤ ژنیش بە دەستی خزمەکانیان، ٣ ژن بەدەستی هاوسەری پێشوویان، ٢ ژن بەدەستی باوکیان، ٢ ژنی دیکەش بەدەستی کوڕەکانیان، ١ ژن بەدەستی خۆشەویستەکەی، ژنێک بەدەستی خۆشەویستی پێشووی، ژنێک بەدەستی براکەی و ژنێک بەدەستی کەسانی نەناسراو كوژراون. 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوەکە، لە ٣٥%ی ئەو ژنانە لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە كوژراون.

هەروەها لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا لە باکووری کوردستان و تورکیا (٢٠٥) ژن کوژراون کە (١١٧) ژنیان بە هۆکاری نادیار گیانیان لەدەستداوە و (١٢٪)شیان بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە بووە.



PM:04:32:04/08/2024