سبەینێ هاوکاری هاوپەیمانان بۆ هێزه‌كانی پێشمەرگە دابەشدەکرێت

هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان گەیشتە هەرێم و سبەینێ بەسەر لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە  دابەش دەکرێت

بە گوێرەی زنانیارییەکان سبەینێ، چوارشەممە ٧ی ئاب هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی تەمموز دابەش دەکرێت کە بڕەکەی ٤٣٢ هەزار دینارە بۆ هەر پلەدار و پێشمەرگە و ئەفسەرێکی لیواکانی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە وتارێكدا لە مەراسیمی وەرگرتنی ژمارەیەك تۆپهاوێژ لە هێزەكانی ئەمریكا رایگەیاند" فەرماندەیی پشتیوانیی دوو کە لە مانگەکانی رابردوو بێبەشبوون لە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان، لە دواین کۆبوونەوە، لەگەڵ تیمی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان کێشەکە چارەسەرکراو و لەم مانگەوە هاوکارییەکە وەردەگرن".

ڕاشیگه‌یاند" بۆ مانگی داهاتوو سەرجەم ئەو لیوا و فەوجانەی تری کە بێبەشبوون لەم هاوکارییە، کێشەکەیان چارەسەر دەکریت و لە مانگی داهاتووە  هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن".

ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ئەمریكا مووچەی بەشێكی زۆری هێزەكانی پێشمەرگەی لە لیوا هاوبەشەكان خەرج دەكرد، بەڵام ماوەی دوو مانگە بەهۆی كەم بوونەوەی پارەكە و دابین كردنی مووچەی پێشمەرگە لەلایەن عێراقەوە، ئەمریكا پارەكە وەك هاوكاری دابەش دەكات



PM:04:12:06/08/2024