وتەبێژی یەکێتی لەسەر پرسی دانانی پارێزگای کەرکووک داوایەک ئاراستەی پارتی دەکات

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی نێوان حزبه‌كه‌ی و پارتی سه‌باره‌ت به‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك داوای کرد پارتی و یەکێتی لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کۆببنەوە و ده‌ڵێت: نابێت رێگە بدەین تەعریبچییەکان ببنە رێگەنیشاندەرمان.

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتیی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا  وتی" ئەو لایەنانەی شەڕی ئەوە دەکەن چەند مانگێک پارێزگار بن، چەندین ساڵە بە ناهەق پۆستی پارێزگاریان لایە و نابێت ئێمە بچینە ژێر ئەو بارەوە، هەرچەندە ناکۆکیش لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبێت"، وتیشی" ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکیتی ناکەوێتە ئەو دۆخەی یەکێتی بخاتە مەترسییەوە" .

سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد" پێویستە یەکێتی و پارتی لە ئاستی سەرکردایەتیدا کۆبنەوە و پارێزگاری کەرکووک دیاری بکەن".

ئەوەشی خستە ڕوو" نابێت رێگە بدەین تەعریبچییەکان ببنە رێگەنیشاندەرمان. کورد و کورد کۆببنەوە و  پرسەکە لە تەنگەژە ڕزگار بکەن" .



PM:10:15:06/08/2024