لە بەندیخانەی ورمێ زیندانیکراوێک گیانی لەدەستدا

زیندانیکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ، بەهۆی ڕێگریکردن لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕوحوڵڵا محەممەدی زیندانیکراوی تەمەن ٤٨ ساڵ کە خەلکی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گیانی لەدەستدا.

ڕێکخراوی هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" نەگواستنەوەی ئەو بەندکراوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکان لە کاتێکدا بووە کە ستافی پزیشکی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ، بەهۆی نەخۆشی دڵی ناوبراو پێداگرییان لەسەر پێویستی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە کردبوو". 

هەروەها بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە" ڕوحوڵڵا محەممەدی بەڕەچەڵەک تورک بووە و دانیشتووی ورمێ بووە ساڵی دووەمی سزای حەوت ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ تێپەڕ دەکرد". 



PM:06:55:08/08/2024