ڕاکان جبوری: ئەوەی روویدا دزینی دەنگ و مافی پێكهاتەی عەرەبی بوو

راکان جبووری دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند" ئەوەی روویدا دزینی دەنگ و مافی پێكهاتەی عەرەبی بوو".

راكان جبوری بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و پارێزگاری پێشووی کەرکوک لە بەیاننامەیەكدا كە ئاڕاستەی جەماوەری عەرەبی كردووە لە كەركوك رایگەیاند" ئێمە پێشترسازشمان نەكرد لەسەر ماف و شكۆی ئێوە وەک نەتەوەی عەرەب ئەوەی ئەمڕۆ روویدا هەشت مانگ لەمەوپێش پێشنیازكرابوو بۆمان بە دزینی دەنگ و ماف و ئێوەمان زانی و رەتمانكردەوە".

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆ شایستەی جەماوەری تیادا زەوتكرا لەلایەن بەشێك لە نوێنەرەكانتانەوە، و داوا لە جەماوەرەكەمان دەكەین پشتیوانی هاوپەیمانی عەرەبی بكەن.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، ڕاکان جبوری دەڵێت" ئێمەیان ئاگادار نەكردووەو شوێنێكیش لە دەرەوەی پارێزگاكە دەستنیشانكرا بۆ كۆبونەوە لەكاتێكدا هیچ رێگریەكی ئەمنی و یاسایی نەبووە بۆ ئەوەی لەناو پارێزگاكە رێكبخرێت وەك ئەوەی لە دانیشتانی یەكەم روویدا، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا دورخستنەوەو بێبەشكردنی نوێنەرانی هاوپەیمانی عەرەبی بوو هەموو رێگا یاسایی و دادوەری دەگرینەبەر بۆ بەدەستهێنانی شایستەكانمان".

 ئێوارەی دوێنێ ١٠ی ئاب لە بەغدا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی پێنج ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامێکی بابلیۆن و سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی بەڕێوەچووو. هاوکات نۆ ئەندام بەشداری کۆبوونەوەکەی کر کە ٥١٪ ئەندامانی ئەنجومەنە و تێیدا پارێزگاری کەرکوک لەسەر پشکی یەکێتی درا بە د.ڕێبوار تەها و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا درا بە محەمەد حافز.



AM:09:23:11/08/2024