ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٤ رێبوار تەها پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکوک راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوو دەڵێت" لە ئەمڕۆ بە دواوە قۆناخێکی نوێ لە کەرکوک دەستپێدەکات".
رێنوار تەها راشیگەیاند" دووپاتیدەکەینەوە ئەم پێگەیە دەکەینە ئامرازێک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک بێ جیاکاری".
دەقی راگەیێندراوەکەی رێبوار تەها، پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکوک:
هاووڵاتییانی ئازیزی کەرکوک، هێز و لایەنە سیاسییەکان..
هەموو لایەك دڵنیا دەكەینهوه لە ئەمڕۆ بە دواوە قۆناخێکی نوێ لە کەرکوک دەستپێدەکات، کە ئەویش قۆناخی هێنانەکایەی ئاشتی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییانە بێ جیاوازی.
هەر لێرەشەوە رایدەگەیەنین کە هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و برەودان بە کەرتە جیاجیاکان و بەگرخستنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کەرکوک بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری کەرکوک.
هاوکات دووپاتیدەکەینەوە ئەم پێگەیە دەکەینە ئامرازێک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی یەکترقبوڵکردن و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی برایەتی و پێکەوەژیان لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوک بێ جیاکاری.
هەروەها جەختدەکەینەوە پارێزگاری داهاتووی کەرکوک، پارێزگاری کورد، عەرەب، تورکمان، مەسیحییەکان، هەموو چین و توێژەکانی کەرکوک دەبێت بەبێ جیاوازی.
زۆر سوپاس بۆ خۆڕاگری خەڵکی بەئەمەکی کەرکوک، سوپاس بۆ متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، سوپاس و رێز بۆ پشتیوانی و پشتگیری سەرۆک بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سوپاس بۆ ئەو تیمەی پێکەوەکارمان کرد و پێکەوە سەرکەوتین.
پشتیوان بەخوای گەورە جێی ئەو متمانە گەورەیە دەبین، هەروەها لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە گەورەیەش دەبین.