نزیکەی ٥٤٠ دۆنم پووش و پاوان و ڕەز و باخی گوندێکی ماوەت سووتان

بە هۆی ئەو ئاگرەی لە سنووری گوندی قامیشی سەر بە قەزای ماوەت کەوتەوە، نزیکەی ٥٤٠ دۆنم پووش و پاوان و ڕەز و باخی هاووڵاتییان سووتان.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگەی سلێمانی ڕایگەیاند" دوێنێ لە سنووری گوندی قامیشی سەر بە قەزای ماوەت ئاگر کەوتەوە، بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت بە هاوکاری ئاگرکژێنەوەی ماوەت و دانیشتووانی گوندەکە توانییان کۆنترۆڵی بکەن".

ئەوەشی خستەڕوو کە بە هۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ٥٠٠ دۆنم پوش و پاوان و دارستان و ٤٠ دۆنم ڕەزو باخی هاووڵاتییان سووتان.

لە لایەکی ترەوە هەر ئەمڕۆ ئاگرێک لە سنووری گوندی هۆمەرئاغای سەر بە ناحیەی سیتەک لە سنووری سلێمانی کەوتەوە، بووە هۆی سووتانی نزیکەی ١٥٠ دۆنم پووش و پاوان و دارستان.



PM:12:43:11/08/2024