نما نەوشیروان مستەفا وەڵامی ئەو هێرشانە دەداتەوە دەکرێتە سەر باوکی

نما نەوشیروان مستەفا لە وتارێکدا لە ژێر ناونیشانی (مینگەمینگی مشەخۆران) کە لە ماڵپەری تایبەتی خۆۆی لە فەیس بووک بڵاویکردوەتەوە وڵامی ئەو ڕەخنانە دەگرێت وا بەرامبەر باوکی دەکرێت.

لە بەشێکی وتارەکەیدا دەڵێت:

زۆرجار دۆستەکانمان گلەیی دەکەن لەوەی کە بۆچی وەڵامی ئەو چەواشەکارییانە نادەینەوە، بە تایبەت دەرهەق بە باوکمان (ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا) کە زۆر بێویژدانانە لە غیابی خۆیدا هەندێ کەس قسەی لەبارەوە دەکەن، بەڵام ئێمە ویژدانی خەڵک و مێژوومان کردووە بە دادوەر لەسەر باوکمان.

ئاماژە بەوەش دەکات" ئیتر هەرزوو ڕەوانشاد ماهیەتی پوچی هەموویانی دەرخست، پێشی وتین ئەوانە خۆراکیان درۆ و دراوە. ناشمانەوێت هیچ مشەخۆرێک بخەینە رستەوە و گەورەیان بکەین، بە تایبەت کەسانێک دوای مەرگی ئەو زاتی هەندێ مینگە مینگ دەکەن، باشتر بوو وەک نەوشیروان مستەفا فێربن بە زیندویی و روبەڕو قسە بکەن تا خەڵک لەو هەرزان بازاڕیەیاندا بە دوو عانە قسەیان لێ بکڕێت".

دەقی وتارەکەی نما نەوشیروان مستەفا

مینگەمینگی مشەخۆران

 زۆرجار دۆستەکانمان گلەیی دەکەن لەوەی کە بۆچی وەڵامی ئەو چەواشەکارییانە نادەینەوە، بە تایبەت دەرهەق بە باوکمان (ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا) کە زۆر بێویژدانانە لە غیابی خۆیدا هەندێ کەس قسەی لەبارەوە دەکەن، بەڵام ئێمە ویژدانی خەڵک و مێژوومان کردووە بە دادوەر لەسەر باوکمان.

 ئیتر هەرزوو ڕەوانشاد ماهیەتی پوچی هەموویانی دەرخست، پێشی وتین ئەوانە خۆراکیان درۆ و دراوە. ناشمانەوێت هیچ مشەخۆرێک بخەینە رستەوە و گەورەیان بکەین، بە تایبەت کەسانێک دوای مەرگی ئەو زاتی هەندێ مینگە مینگ دەکەن، باشتر بوو وەک نەوشیروان مستەفا فێربن بە زیندویی و روبەڕو قسە بکەن تا خەڵک لەو هەرزان بازاڕیەیاندا بە دوو عانە قسەیان لێ بکڕێت.

بەڵام وادیارە پێستی ڕوویان هێند قایمە شمشێری میسری نایبڕێ! هەندێ جار قسەش ئەکرێت، قسەکان لە چیرۆکی مەلا و فەقێیەک ئەچێت، کە فەقێکە بۆ یەکەمجار لەسەر مینبەر وتاری دابوو، دواییش چوو بوو بۆ لای مامۆستاکەی وتبووی: وتارەکەم چۆن بوو؟ مەلاکەش لە وەڵامدا وتبووی: کوڕم وەڵاهی نازانم لە کوێوە دەست بەڕاستکردنەوە بکەم، ئیمامی عومەر نەبوو ئیمامی عەلی بوو، بە دۆشکە تەقەی لێنەکرا بە شمشێر شەهید کرا، شوێنەکەش دابان و هەلاج نەبوو بەڵکو شاری کوفە بوو.

ئەمە لە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست و مەستی، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ناتوانێت مێژوو چەواشە بکات. ئەو جۆرە کەسانە وەک کفر وەهان و هەرگیز کاریتەیان لێ هەڵناکەوێت، چونکە کورد گوتەنی کاریتە لە کفر هەڵناکەوێت، جا ئەگەرچی بە بەژنی باڵای پیرە داربەڕوودا هەڵزنێن.

بۆ نمونە لەم ڕۆژانەدا ڤیدیۆیەکیان بۆ ناردین کە روداوێک دەگێڕێتەوە و منی کردووە بە شاهید، مادام ئێمەیان کردووە بە شاهید، ناچار ئەبێت وەکو مەلاکە درۆکانیان سپی بکەینەوە و راستیەکان بڵێین چونکە: بارودۆخ ئارام بوو، گرژی نەبوو. لە دۆڵەڕووتەوە ڕۆیشتین بۆ سەرگەڵوو نەک ئەزمەڕ و قوڵەڕەش. بۆ سەیران و پشوو چووین نەک خۆشاردنەوە. یەک شەو ماینەوە نەک دوو. جەنابت نەتفەرموو مام جەلال باوکمانە، بە پێچەوانەوە هەرچی شتی نەشیاو بە دەمتا هات، کە ئاکار و پەروەردەی خێزانیمان ڕێگەمان نادات بیگێڕینەوە، دژی مام جەلالی ڕەحمەتی درێغیت نەکرد!

ئیتر ئەو سەردەمە بەسەرچوو لە هەر کوێ و کونێکەوە با-ی بێت لەوێوە شەن بکەن و بگەنە خەرمانی سوور. ئێستا هەندێک لەوانە فێرکراون بە فووی میدیا و ئەولا و ئەملا دەیانەوێت خەرمان سوور بکەن، بەڵام پێناچێت لە باراشی فرە ئاش هیچ كۆبكەنەوە، گەرنا چیرۆکی مەست و پەراوێزکەوتووان لە گێڕانەوەکانیاندا خۆیان لێ دەبێت بە پاڵەوان و پڕۆتاگۆنیست لە کوێی مێژووی ئێمەدا بینراون؟

وڕێنە و موهاتەراتەکانیان نابنە کۆڵەکەی هیچ سەقف و بینایەکی راست و چەسپاو، کە بە ئاگا دێنەوە دەزانن تەنها گیا تەروویەکن نەک زیاتر، لەبەرئەوە ئاساییە خێرا پەنا ببەنەوە سەرمێزی خاوەن دراو و دەروونی بیماریان تیمار بکەن.

هیوادارین ئەمە نمونەیەک بێت، هانمان نەدەن تا سەرقاپی ئەو کەسانە هەڵبدەینەوە کە خۆیان لەبەر بۆنی خۆیان ناژین. لە کۆتاییدا، دەمێکە شاعیری هەرمان (حاجی قادری کۆیی) بە قەسیدەی (وا دیارە ڕەسم و قانوونێکی دەوران دادەنێ) وەسفی ئەو نەخۆش و خۆفرۆشانەی کردووە و بەر نەفرەتی مێژووی خستوون، هەر لەوێدا دەڵێت: باغ و ڕاغی بولبولە دەیکاتە جێی زاغ و زەغەن گورگ و مام ڕێوی لە بێشە و لانی شێران دادەنێ



AM:12:02:12/08/2024