بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو ماستەر پلانی وەزارەتی کارەبا ئامادە کرا

وەزارەتی کارەبا ماستەر پلانی کارەبای بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو لە هەرێم ئامادە کرد و دەڵێت '' شێوازی باشترکردنی سێکتەری کارەبا بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا بە هاوبەشانی خراوەتەڕوو".

لە بڵاوکراوەیەکدا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بلاویکردەوە، بە ئامادەبوونی کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبا، ماستەر پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوو (٢٠٢٣-٢٠٣٢) خرایە بەر باس و گفتووگۆ.

لە بلاوکراوەکەی وەزارەتی کارەبا ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ یەکەمجارە ماستەر پلانی وەزارەتی کارەبا لە لایەن ستافێکی ئەندازیاری ناخۆیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانان بۆ ماوەی `٠ ساڵی داهاتوو ئەپدەیت کراوەتەوە و، تێیدا شێوازی باشترکردنی سێکتەری کارەبا بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا بە هاوبەشانی خراوەتەڕوو.

هەر بەپێی بڵاوکراوەکە، لە ماستەرپلانەکەدا، لیستێک لەو پرۆژانەی پێویستە لە کەرتی کارەبا لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوو جێبەجێ بکرێن، ڕیزبەند کراون; وەک وێستگە و راکێشانی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و چەندین پرۆژەی دیکە کارەبا، لە ماستەرپلانەکەدا گرفت و کێشە و ئاستەنگ و پلان و ڕێگا چارەسەرەکانیش خرایەڕوو.

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەی ٣٠ ساڵە گرفتی کەمی کارەبای نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامی هەیە و بۆ پرکردنەوەی پێویستی کارەبا پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەسترێت و مانگانە بری پارەکەی دیاریدەکرێت.


PM:04:20:12/08/2024