خوێندکارێکی زانکۆی خەڵکی سنە و لە دەستگیرکراوانی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی) دوای تێپەڕکردنی یەک ساڵ و ٧ مانگ و ١٤ ڕۆژ لە زیندانیکردنی، بە کەفالەت ئازادکرا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" سەردار شاهمورادیان، خوێندکاری بواری کەرەستە پزیشکییەکانی خەڵکی سنە بەشێوەی کاتی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە بە کەفالەت ئازاد کرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردار شاهمورادیان تەمەن ٢٧ ساڵ لە کاتی لێپرسینەوە و دەستگیرکردنی لە سەرەکیترین مافەکانی وەکو مافی بینینی پارێزەر بێبەش کرابوو.
ڕێکخراوی هەنگاو دەشڵێت" ناوبراو لە کاتی لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی لە زیندانی هێزەکانی سوپای سنەدا دەستی شکێندرابوو، هەروەها ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بە خۆی لە بەرانبەر کامێرادا کرابوو".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو خوێندکارە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن هێزەکانی سوپا و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستگیرکرابوو، ناوبراو دوای دوو مانگ لە دەستگیرکردنی بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گواسترایەوە.
هەنگاو ڕاشیگەیاندووە" سەردار شاهمورادیان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان بە موحارەبە و بەشداریکردن لە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی (ژن، ژیان، ئازادی)دا تۆمەتبار کرا و دۆسیەکەی لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی کەیوان زەندکەریمی، هۆشەنگ چوارگورگە تەمەن ٤٤ ساڵ و ئارام ئازاد بەو تۆمەتە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە گواسترابوویەوە".