بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی نوێترین زانیاری دەربارەی پارەی گەنمی جوتیاران دەخاتەڕوو

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنیت " لە کۆی ٤٦٥ ملیار دینار، تا ئێستا ٧٧ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیاران خەرجکراوە و چاوەڕێی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەکەن پارەیان بۆ ڕەوانە بکات".

ئەمڕۆ سێشەممە، نەوزاد شیخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٦٥ ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا زیاتر لە ٧٧ ملیاری وەرگیراوە".

هۆکاری دواکەوتنی شایستە داراییەکانیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی سەرەتا وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی بۆ وەرگرتنی پێنج ملیۆن تۆن گەنم تەرخانکردبوو، بەڵام دواتر لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراق بڕیاردرا بڕەکەی زیاد بکرێت و شەش ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تۆن وەربگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەتی بازرگانی داوای تەرخانکردنی پارەی گەنمە زیادکراوەکەی لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە و ڕەزامەندیشی لەسەردراوە، هەر کاتێک پارەکە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی هەرێم دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل ڕوونیشیکردەوە " کە جگە لە هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی شایستەی دارایی لە کەرکووک و موسڵ و ئەو ناوچانەی ناوەڕاستی عێراق دواکەوتووە کە وەرگرتنی گەنم تێیاندا بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە درەنگتر وەرگیرا، و  ئومێدەوارین لە ئایندەیەکی نزیکدا شایستە داراییەکە بگات و دەست بە دابەشکردنی بکەن".


PM:02:32:13/08/2024