ماوەت.. هەزار و ٧٠٠ دۆنم پووش و پاوان سووتا

ئاگرێكى فراوان لە سنوورى قەزای ماوەت کەوتەوە و لە ئەنجامیشدا ١٧٠٠ دۆنم پوش و پاوان و ڕەز و باخ سووتان. 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند" دوای ئەوەى ئاگرەکەى گوندی قامیشی سنووری ماوەت لە چەند ڕۆژى ڕابردوو کۆنترۆڵکرا، بۆ جاری دووەم سەریهەڵدایەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، مەفرەزەکانى بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت گەیشتنە شوێنی دیاریکراو، بەڵام بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی لە سنوورەکە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە زەحمەت بوو، دواجار بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە توانیان ئاگرەکە بکوژێننەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئاگرەکەوە ١٦٠٠ دۆنم پوش و پاوان دارى سروشتى، لەگەڵ ١٠٠ دۆنم ڕەزوباخی هاوڵاتیان سووتان، بەڵام تائێستا هۆکاری سەرەکی ئاگرەکە نەزانراوە. 


PM:01:39:14/08/2024